مه‌هاباد کوردی
ستۆکهۆڵم
mehabadkurdi@hotmail.com

که‌س وه‌ک ئێمه پێی خۆش نییه له کوردستاندا پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به شێوه‌یه‌کی جوان و دیموکراتییانه و سه‌رده‌مییانه‌ش ئه‌نجام بدرێت. هه‌ر کوردێکی خه‌مخۆر و دڵسۆز و وابه‌سته به نه‌ته‌وه و نیشتمان هیوای ئه‌وه‌یه کوردیش، وه‌ک هه‌ر گه‌لێکی تر، به شادی و خۆشی و ئازادی ژیان به‌سه‌ر به‌رێت. خه‌ون و ئاوات و ئامانجی گشت لایه‌کمان ئه‌وه بووه و ده‌بێت که هه‌رچی زووتره له سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ده‌وڵه‌تبوون نزیک و نزیکتر ببینه‌وه. لێ به‌داخه‌وه که ڕه‌وشی باشووری کوردستان، به‌تایبه‌تی هه‌ندێ هه‌ڵسوکه‌وتی نابه‌رپرسیارانه و بڕیاری چه‌وتی سه‌رانی سه‌ر به هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار و کرده‌وه ناشیرین و نانه‌ته‌وه‌یی و ناکوردستانییهکانیان ده‌بینین، به ده‌ست خۆمان نییه و ناکرێ بێده‌نگی هه‌ڵبژێرین و له‌سه‌ریان ههڵنهدهینێ.
له باشووری کوردستاندا که هه‌ڵبژاردنێک به‌ڕێوه‌یه ڕۆژ تا ئێواره، له لایه‌ن ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی هه‌ردوو حیزب، بانگاشه‌ی دیموکراسی و پاک‌بوونی بۆ ده‌کرێت. سه‌رکرده‌کانی پارتی و یه‌کێتی به‌بۆنه و بێ بۆنه کوردستان‌مان بۆ ده‌که‌ن به به‌هه‌شتی دیموکراسی و مافپه‌روه‌ری. ده‌می هه‌ر یه‌کێ له‌م کاربه‌ده‌سته حیزبییانه بکه‌یته‌وه، بێ چ سێ و دووێک، وات حاڵی ده‌که‌ن که کوردستان له په‌یڕه‌وکردنی دیموکراسیدا له‌وانه‌یه شتێکی وای له وڵاتی سویسراش که‌متر نه‌بێت! ئه‌وه‌ی که له‌م دواییانه‌ش زیاتر سه‌رنجمان ڕاده‌کێشێت پاڵپشتیکردنی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره له یه‌کتر، به جۆرێک که مرۆڤ سه‌ری لێیان سووڕ ده‌مێنێت. دیاره لێره‌دا که‌س له دژی ئه‌وه نییه که کورد ده‌بێ، وه‌ک میلله‌ت، یه‌کڕیز و یه‌ک ئامانج بۆ سه‌ر سندووقه‌کانی ده‌نگدان هه‌نگاو بنێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کارێکی زۆر پێویسته، چ بۆ کورد یان هه‌ر گه‌لێکی تر، ڕه‌ش له سپی جیا بکرێته‌وه و هه‌ر که‌س و لایه‌نێکیش به گوێره‌ی دڵسۆزبوونیان بۆ ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه سه‌یریان بکرێت. مه‌گه‌ر ئه‌مه خۆی له خۆیدا نموونه‌یه‌ک نییه بۆ دیموکراسی و پابه‌ندبوون به پڕهنسیپهکانیشی؟
له کوردستان کۆمیسیۆنێک هه‌یه ناوی لێنراوه (کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان). ئه‌م کۆمیسیۆنه که له بنه‌ڕه‌تدا بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رجه‌م عێراق دامه‌زرێنراوه، دیاره له باشووری وڵاتی کوردانیشدا که به فه‌رمی سه‌ر به عێراقی نه‌فره‌تییه، مافی ئه‌وه‌ی دراوه‌تێ به جۆرێک له جۆران سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنه‌کان بکات. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین کۆمیسیۆنی ناوهاتوو هه‌ر له سه‌ره‌تای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رانسه‌ری عێراقدا دووچاری ڕه‌خنه لێگرتن هاتووه. سه‌رۆکی پێشووی کۆمیسیۆن له لایه‌ن خودی پارتی و یه‌کێتییه‌وه ڕه‌خنه‌ی ئاڕاسته کراوه. هه‌ر ده‌زگایه‌ک، جا کۆمیسیۆن یا هه‌ر ناوێکی دیکه‌ی لێ بنرێت، که به‌خۆی بڵێت سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن، ئه‌گه‌ر به کرده‌وه ئه‌مه نه‌سه‌لمێنێت ئه‌وا بێگومان نه سه‌ربه‌خۆیه و نه بێلایه‌ن.
بڕیاری بێبه‌شکردنی (لیستی هیوا) له 2009.5.31 له لایه‌ن کۆمیسیۆنی ناوهاتوو، به فه‌رمانی عهنتهرییانهی به‌ناو (وه‌زاره‌تی ده‌وڵه‌ت بۆ کاروباری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی) عێراق، خۆی له خۆیدا له‌ده‌ستدانی ئه‌و سه‌ربه‌خۆیی و بێلایهنییهیه که کۆمیسیۆنی ناوهاتوو هه‌میشه بانگاشه‌ی بۆ ده‌کات. هه‌روه‌ها له هه‌مان کاتیش‌دا کۆمیسیۆن بیه‌وێ یان نا، به کارێکی وا، ئه‌جێندای چه‌ند لایه‌نێکی عێراقی داخ له دڵ به‌رامبه‌ر به کورد و، دیسان خواستی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری باشووری کوردستان و ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌رانیش، به‌تایبه‌تی تورکیای که‌مالیسته‌کان دێنێته دی و پیاده ده‌کات. ئه‌گه‌رنا که‌ی دیموکراسی ڕێ به‌م شێوه‌یه‌ی پێشێلکاری و خنکاندنی ده‌نگه ئازاده‌کان ده‌دات؟ له بارێک‌دا ئه‌گه‌ر لایه‌نگرانی (لیستی هیوا) خوانه‌خواسته تاوانبار و ناپاک و نانه‌ته‌وه‌یی و ناکوردستانی و نانیشتمانی بان، که هه‌موومان پێشوه‌خت ده‌زانین وا نین، ئه‌وا ئه‌وسا کۆمیسیۆن و سه‌رانی باشوور و گشت گه‌لی کوردیش، مافی ته‌واوی خۆیان بوو ڕێیان پێ نه‌ده‌ن تا له هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا به‌شداری بکه‌ن. کۆمیسیۆنی باڵای به‌ناو سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان که ئێستا سه‌رۆکه‌که‌ی کوردیشه به په‌سندکردنی بڕیارێکی وا چه‌وت و نادروست، نه‌ک هه‌ر بۆ چه‌نده‌مین جار سه‌ربه‌خۆیه‌تی خۆی له ده‌ست دا و به‌س، بگره له هه‌مان کاتیش‌دا هه‌وڵێکی سه‌قه‌تی دا بۆئه‌وه‌ی ئه‌و شته جێبه‌جێ بکات که پێی ده‌گوترێت (دیموکراسیی داگیرکه‌رانی کوردستان).
ده‌سه‌ڵاتدارانی باشوور ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌که‌ن، نابێ به چ شێوه‌یه‌ک ڕێگر بن له‌پێش هه‌ر تاکێکی خه‌مخۆری ئه‌م گه‌ل و نیشتمانه، گه‌ر بیه‌وێ خزمه‌ت به دۆزی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی بکات. لێ ئه‌وان ڕێک به پێچه‌وانه‌وه ده‌چن له دهۆک باره‌گای (پارتی پێشکه‌وتن) داده‌خه‌ن و پێشتریش به جاران باره‌گای (پچدک)یان داخستووه. هه‌نووکه‌ش (لیستی هیوا) که (پچدک)ی تێدایه به هه‌ر بیانووێکه‌وه بێ له هه‌ڵبژاردن دوور ده‌خه‌نه‌وه. ئه‌مه فڕی به‌سه‌ر دیموکراسی و مافی مرۆڤ و دادی کۆمه‌ڵایه‌تی و خزمه‌تکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کورد و کوردستانه‌وه نییه. ئه‌م هه‌نگاوه‌ی کۆمیسیۆنی ناسه‌ربه‌خۆ و ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد له باشوور و ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌ب له به‌غداش، ته‌نیا و ته‌نیا دڵخۆشکردنی داگیرکه‌رانی کوردستانه. پارتی و یه‌کێتی، هه‌ر بۆئه‌وه‌ی ده‌نگی خه‌ڵک به ده‌ست بێنن، ده‌بوو له دژی ئه‌م بڕیاره ده‌ربکه‌ون نه‌ک به‌شدار بن تێیدا.
من پێموایه ڕیسواکردن و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی بڕیارێکی وه‌ها نادیموکراتییانه ئه‌رکی سه‌ر شانی هه‌ر کوردێکه که خۆی به دڵسۆزی میلله‌ته‌که‌ی بزانێت. به پێچه‌وانه‌ش بێده‌نگبوون له به‌رامبه‌ر ئه‌م بڕیاره خۆی له خۆیدا به مانای جۆرێک له ڕازیبوون دێت. که‌واته هه‌رنا لایه‌نه بهشداریپێکراوهکانی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له باشووری کوردستان، مه‌به‌ستم له پارتی و یه‌کێتی نییه، ده‌بێ له‌م بواره‌دا هه‌ڵوێستی خۆیان ڕوون بکه‌نه‌وه و بۆ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی به‌شه‌ره‌فی کوردستانیش بدوێن. ئێمه ئه‌گه‌ر لێره‌دا باسمان له‌سه‌ر جوانبوونی پڕۆسه‌ی دیموکراسی و هه‌ڵبژاردنه، به‌ڵام بڕیارێکی وا پێشوه‌خت ئاماده‌کراو، سیما و ڕووخساری دیموکراسی تا بڵێی ناشیرین و ڕه‌زای قوڕس و گران ده‌کات. ئه‌م کاره‌ی به‌ناو کۆمیسیۆنی سه‌ربه‌خۆ له بنچینه‌دا ئه‌تککردنی دیموکراسییه به نوێژی نیوه‌ڕۆ و له‌به‌ر چاوی خه‌ڵک و خواشدا. ئه‌مه هه‌نگاوێکه به‌ره‌و دواوه نه‌وه‌ک بۆ پێشه‌وه. ئه‌ی ئافه‌رین بۆ کۆمیسیۆنێک که به‌م شێوه‌یه سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنه‌کان بکات!
ئه‌گه‌ر داگیرکه‌ر و دابه‌شکه‌رانی کوردستان به گشت ده‌ست و پێوهندهکانیشیانهوه، بیر له‌وه بکه‌نه‌وه که به بێبه‌شکردنی لیستی هیوا له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، کورد بێ هیوا ده‌بێ و لیستی ناوهاتووش دووچاری شکستی و بێهیوایی ده‌بێت، ئه‌وا بێگومان خه‌یاڵیان خاوه و سه‌ریشیان داوه له گاشه‌به‌ردی کێوه سه‌رکه‌ش و خۆڕاگره‌کانی وڵاته‌که‌مان. ڕۆڵه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه به ده‌یان و سه‌دان و هه‌زاران فڕوفێڵی وایان پووچه‌ڵ کردۆته‌وه. ئه‌م پیلانه ناحه‌ز و دژایه‌تیکردنه‌ی خواستی گه‌لی کوردستان، باوه‌ڕ ناکه‌م شتێکی ئه‌وتۆی بۆ تۆرانییه‌کان و هاوشێوه‌کانیان لێ بکه‌وێته‌وه.
کورد به هیواوه ژیاوه و به هیواوهش مردووه و هه‌ر به هیواش زیندوو ده‌مێنێته‌وه!
|