لهبهیاننامهكهدا رۆشنبیران، ھەموو مانۆرێکی سیاسیو ھەموو خواستێکی حیزبی بۆ پەسەندکردنی دەستووری کوردستان بەم فۆرمە هەڵپڕوکاوو پەلەیە ڕەتدهكهنهوهو داواش لە هەموو خەڵکانی دیموکراسیخواز دهكهن کە لە "مەترسی یاریکردن بە مەسەلەی دەستوور تێبگەن، چونکە خودی ئەم گەمەیە شەرعییەتی ئەم کیانە سیاسییە لە کوردستاندا دەخاتە ژێر پرسیاری گەورەوە".
دهقی بهیاننامهكه "با نەبین بە سودان" گومان نییە لەوەی کە دامەزراندنی دەوڵەتی یاسا هەمیشە داواکاریی گەورەی زۆربەی کۆمەڵانی خەڵکی کورد بووە، بە چەشنێک لە هەژدە ساڵی ڕابردوودا ونبوونی بناغەیەکی یاسایی قایم بۆ دەسەڵاتی تەشریعیو قەزائی لە هەرێمدا یەکێک بووە لە گرفتە راستەقینەکان. دیارە دەوڵەتی یاساش دەستوورێکی پێویستە کە رێککەوتنی نێوان ھەموو گروپە کۆمەڵایەتیو ئەتنیو ئاییینییەکانی کورستان بەرجەستەبکات، کە پێکڕا ئازادانە وەکو پەیمانێکی کۆمەڵایەتیو وەک چوارچێوەیەکی گشتی بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە بڕیاریان لەسەر دابێتو باوەڕیان پێیبێتو ڕێزی لێبگرن. ئێمە ساڵانێکە رەخنەمان لەسەر ئەوە ھەبووە کە حکومەتی کوردستان لەدوای ھەڵبژاردنی یەکەمی پەرلەمانەوە تاوەکو ئەمڕۆ بەبێ دەستوور کاردەکات، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبیستین ئەوەیە کە پەرلەمان لە هەنگاوێکی ئێجگار سەیردا کە لە دوورو نزیک جێگای متمانەو باوەڕ نییە، دەیەوێت مەسەلەی دەستوور بگۆڕێتە سەر گەمەیەکی سیاسیو گرفتێکی سیاسی ئێجگار گەورە بخاتە سەر گرفتە سیاسییەکانی کۆمەڵگای کوردی کە دەشێت برینەکەی ساڵانێکی زۆرو تەقەلایەکی گەورەی بیەوێت تا ساڕێژدەکرێت. گرنگی دەستوور هەرگیز ڕێگا بەوە نادات لە دواھەمین ساتە درێژکراوەکانی تەمەنی خولی سێھەمی پەرلەمانی کوردستاندا ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدار تووشی موفاجەئەیەکی سیاسیمان بکەنو بە خشکەیی دەستوورێکی تا ئێستا نادیارو تەواونەخوێنراوە تێپەڕێننو کۆمەڵگای ئێمە بخەنە بەردەم ئەمری واقیعو وەرەقەیەکی سیاسی گومان لێکراو، بە ناوی دەستوورەوە بەسەر ئەمڕۆو نەوەکانی داهاتوودا بسەپێنن. دەستوور لە پێناوی پاراستنی مافی کۆمەڵگاو ھاوڵاتیاندا دەنوسرێت، نەک مافی ئەم یان ئەو حیزبی سیاسی، نەوەک لە بەر خاتری مافی ئەم یان ئەو کابینەی حکومی، یاخود بەدیھێنانی بەرژەوەندی یان حەزوئارەزووی ئەم یان ئەو سەرکردەی سیاسی، تا لە پشتییەوە سەنگەر لە دەزگا گرنگەکانی کۆمەڵگاو هێزەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بگرێت. ئەوەی لەم چەند رۆژەی رابردوودا حکومەتە دووحیزبییەکەی کوردستان مەبەستێتی ئەنجامیبدات، پتر دەچێتە خانەی فێڵو مانۆرێکی حیزبییانەوە. ئەوەی لەم مانۆرەشدا هەموو بینەرێکی زۆر سادە دەیخوێنێتەوە، ئەوەیە کە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی گرنگو ستراتیژی وەک دەستوور کە دەبێت بۆ نەوەکانی دواتریش جێبهێڵرێت، وەک کەرەستەی گەمەیەکی تەکتیکیو بۆ پاراستنی بەرژەوەندی حیزبیو سەقامگیرکردنی باڵادەستێتی پارتیو یەکێتیو حکومەتەکەیان بەکاردەهێنرێت، نەک وەک ڕێزگرتن لە ئیرادەی گەلو مافی خەڵکو پەیمانی ھێزە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵیەکدا. گەر دەستوور بەم شێوە کرچوکاڵو ناوەرۆک نادیارە بخرێتە دەنگدانەوە لە بری ئەوەی ببێتە پاڵپشتی دیموکراسییەت دەبێت بە تەوقێک لە ملی دیموکراسییەت.

ئێمە لە ڕێگای ئەم روونکردنەوەیەوە دەمانەوێت ھەموو مانۆرێکی سیاسیو ھەموو خواستێکی حیزبی بۆ پەسەندکردنی دەستووری کوردستان بەم فۆرمە هەڵپڕوکاوو پەلەیە ڕەتبکەینەوەو داواشبکەین لە هەموو خەڵکانی دیموکراسیخواز کە لە مەترسی یاریکردن بە مەسەلەی دەستوور تێبگەن، چونکە خودی ئەم گەمەیە شەرعییەتی ئەم کیانە سیاسییە لە کوردستاندا دەخاتە ژێر پرسیاری گەورەوە. دەنگدان لەسەر دەستوور لەم قۆناغەدا دەبێت رابگیرێت، چونکە:
یەکەم: دەستوور دەبێت دەربڕی پەیمانێکی کۆمەڵایەتی بێتو پێویستی بە بەشداریکردنی راستەوخۆی ھەموو کۆمەڵگا ھەیە. ئەم بەشدارییەش پێشوەخت بە قۆناغی گفتوگۆو رەخنەو دەستکاریکردنێکی درێژو ڕاگۆڕکێیەکی ئاشکراو گەڵاڵەبوونی ڕای گشتیدا تێدەپەڕێت. دەستوور تێکستێکی کاتیو تێپەڕ نییەو نەبووەو ناشبێت لە بارودۆخی ناوازەو نائاساییدا بێتەکایەوەو دەبێت لە پەرلەمانێکو هەلومەرجێکی یاساییدا دەنگی لەسەر بدرێت کە هیچ گومانێکی سیاسی لەسەر نەبێت. ئەم دۆخەی کە ئێستا پەرلەمانی ھەرێمی کوردستانی تێدایە، جێگای مشتومڕی یاساییەو پەرلەمانتارانی ناو پەرلەمان ئەمڕۆ تەخویلی قانونیان لەلایەن خەڵکەوە تەواو بووەو بۆ مەسەلەیەکی واچارەنوسسازو ستراتیژی هیچ شەرعییەتێکیان نییە. لێرەوە دەستوورێک کە لە پەرلەمانێکەوە بێتەدەرێ کە شەرعییەتی جێگای گومانو پرسیاری گەورەیە، ناکرێت وەک دەستوور تەماشابکرێت، بەڵکو وەک مانۆرێکی سیاسیو هەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی هەندێک ئەجندای حیزبی سەیردەکرێتو هەر لە بنەڕەتەوە لەوە دەکەوێت ئەو دەستوورە بێت کە سیستەمێکی دیموکراسی پێویستی پێیەتیو دەبێتە گەمەیەکی ناشرینی ناو گەمەکانی دەسەڵات، نەوەک پەیمانێک بۆ پێکەوەژیانی ھاوڵاتییانو پاراستنیو ئازادیو دیاریکردنی مافەکانیان. جگەلەوەش پەلەپروزکێکردن لە پەسەندکردنی رەشنووسی دەستوور بەبێ بڵاوکردنەوەی دەقە دەستکاریکراوەکە بۆ رای گشتی، پەلەکردن نییە لە دروستکردنی شەرعییەت بۆ دەسەڵاتدارێتی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان، بەڵکو لە ڕاستیدا پەلەکردنە لە شەرعییەتدان بە دەسەڵاتدارێتی ھەردوو حیزبەکە، واتە هەوڵێکی پێشوەختە بۆ ڕێگرتن لەوەی پرۆسەی دیموکراسی کاری خۆی بکاتو پێشگرتنە لێی بەڕێگایەکی (نا)یاسایی. ئەمەش تەواو ناکۆکە بە ئامانجو مەبەست لە نووسینی دەستوور بۆ وڵاتو لە دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ مافو ئەرکو بەرپرسیارێتییەکانی ناو کۆمەڵگای ئێمە.
دووھەم: دەستوور دەبێت دەستووری ھەموو بەرژەوەندییە جیاوەزەکانی گەلی کوردستانو جوگرافیا مرۆییەکانی بێت، نەک بەتەنھا ھی ئەو ناوچەیەی کە ئێستا لەژێر فەرمانڕەوایەتی ھەردوو حیزبەکەدایە، دەبێت لە پەرلەمانێکەوە دەرچێت کە نوێنەرایەتی ھەمووان بکات نەک لە پەرلەمانێکەوە کە نوێنەرایەتی دوو حیزب دەکات. دەستوور دەبێت قووڵترینو درێژترین مشتومڕی لەسەربکرێت، نەک وەکو یاسایەکی سادە پاش ڕێککەوتنی سەرکردایەتی حیزبەکان دەنگی لەسەربدرێت. بە پێچەوانەوە دەبێت دوافۆرمی بۆ کۆمەڵانی خەڵک ڕابگەێنرێت، شار بەشارو گوند بە گوند بناسێنرێت، ماوەیەکی گونجاو بۆ گفتۆگۆکردنی لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکو ڕۆشنبیرانو یاساناسانەوە دیاریبکرێت، کاتی تەواویش بۆ بەشداربوون لە گفتوگۆی کۆتاییو مافی رەخنەکردنو بەرزکردنەوەی ناڕەزایی هێزە سیاسیو مەدەنییەکانیش فەراھەمبکرێت. بڕگەکانی بڕگە بە بڕگە لە پەرلەمانداو بە ئاشکراو لە بەرچاوی خەڵکەوە بخرێنە گفتوگۆوەو دواتر کە پەرلەمانێکی تەواو شەرعی لە گفتوگۆکردنی بڕگەکانی بووەوەو ڕەزامەندی بەدەستهێنا، لە کەشوهەوایەکدا کە خاڵییە لە گەمەی سیاسیو تەکتیکی بخرێتە دەنگدانەوە. دەستوور پێویستە رەنگدانەوەی ئیرادەی میللەت بێت، نەک بەرژەوەندیو بڕیاری مەکتەبی سیاسی ئەم یان ئەو حیزب بیسەپێنێت، دەبێت لەگەڵ ئیرادەی گشتیدا یەکبگرێتەوەو تەعبیر لەو ئیرادەیە بکات، نەوەک پابەستی ویستی ئەم سەرۆک یان ئەوی دی بێت. دەستوور دەبێت گەورەکردنەوەی دەسەڵاتی گەل بێت، نەک ھی سەرۆک.
سێھەم: مەسەلەی دەستوور پەیوەندی بە هەموو کوردێکو بە نەوەکانی داهاتووشەوە هەیە، واتە ئەم دەقە بۆ ئەو کوردانەشە کە ئێستا لەدەرەوەی جوگرافیای سیاسی ئێستای هەرێمنو بۆ نەوەی ئەو هاونیشتیمانییە کوردانەشە کە لەدەرەوەی وڵاتن، بۆیە دەبێت میکانیزمێک بدۆزرێتەوە کە ئەوانیش ڕای خۆیان لەسەر مەسەلەی دەستووربدەنو نابێت لەمافی دەنگدان بێبەریبکرێن، چونکە دەشێت لە داهاتوودا لە سایەی هەمان دەستووردا بژینو بەو دەستوورەش مافە یاساییەکانیان دیاریبکرێت.
چوارەم: پەسەندکردنی دەستوور پێویستی بە ئامادەگی پەرلەمانێک ھەیە کە کێشە لەسەر نوێنەرایەتیکردنەکەیو بوونە یاساییەکەیو شەرعیەتە سیاسیو کۆمەڵایەتییەکەی نەبێت. پەرلەمانێک کە بڕێکی زۆری خەڵکی کوردستان گومان لە نوێنەرایەتیکردنەکەی دەکاتو دەسەڵاتی حیزبی تا بینەقاقای ئامادەیەو تەمەنە یاساییەکەشی تەواو بووە، نابێت ڕێگا بەخۆیبدات بڕیار لەسەر مەسەلەیەکی گرنگو چارەنووسسازی وەک دەستوور بدات. پەرلەمانی کوردستان گەر بۆ تاقەجارێکیش بووە لە مێژووی خۆیدا دەبێت ھەستی بەرپرسیارێتی بەھێزبێتو خۆی نەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی وا گەورەوە کە پەیوەندی بە مافو ئەرکو بەرپرسیارێتی ھەموو تاکو گروپێکی کۆمەڵگای کوردستانەوە ھەیە، چونکە بە پێچەوانەوە تاک بە تاکی ئەوانەی ئەو گەمەیە بەرابەر داهاتووی دیموکراسییەتو داهاتووی نەوەکانمان دەکەن، بەرپرسیارییەکی گەورە هەڵدەگرن.
سەیر لەوەدایە پەرلەمانی کوردستان لە وەڵامی ئەو رەخنەو مشومڕانەی کە ئێستا لەسەر تەمەنی یاساییو لەسەر پەسەندکردنی بەپەلەی دەستووری ھەرێم دەردەبڕدرێن، سێ نموونەی ھێجگار نەگونجاوی وەکو پاساو ھێناوەتەوە بۆ شەرعییەتدان بە بەردەوامبوون لە دەرکردنی یاساو پەسەندکردنی دەستووری رەشنووسی ھەرێم. ئەو سێ نموونەیەش یەکەمیان خودی پەرلەمانی کورستانی عێراقە، دووەمیان پەرلەمانی لوبنانو سێھەمیان پەرلەمانی سوودانە. سەرەتا نموونەی تەمەنو ئەزموونی پەرلەمانی کوردستانو پەرلەمانی لوبنان خراپترین نموونەی پیادەکردنی ئیرادەی پەرلەمانتارییە لە مێژووی دیموکراسیدا، چونکی ھەردوو وڵاتەکە ساڵانێکی درێژ لە دۆخی جەنگێکی ناوخۆیی خوێناویو لەدۆخی ناتەباییو ململانێی جەنگاوەرانەی ھێزە سیاسییەکانیاندا دەژیان. پەرلەمانو حکومەتی کوردستان دەبێت بەدەنگی نزمو لە ژێر لێوەوە باس لە ئەزموونی درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی بۆ سیانزە ساڵ بکات، چونکە ئەمە پەڵەیەکی ڕەشە بە مێژوویی ژیانی پەرلەمانتارییەوە لە کوردستانو نابێت بکرێتە پاساو بۆ دەرکردنی یاسای نوێو پەسەندکردنی تێکستێکی گرنگی وەک دەستووری ھەرێم. بەدرێژایی ساڵانی نەوەد گەلی کوردستان بەناچاری قەبووڵی پەرلەمانێکی رەمزی دەکرد کە لەسەر ئەرزی واقیع بوونی نەبوو، پەرلەمانێک کە بوو بە قوربانی شەڕی ھەردوو حیزبەکە. مێژووی پەرلەمانی کوردوستان بەدرێژایی ساڵانی نەوەد نەک بەکەڵکی ئەوە نایەت وەک نموونە بھێنرێتەوە، بەڵکو مایەی شەرمکردنێکی سیاسی قووڵەو حیکایەتی بێنرخکردنێکی سیاسی دەگێڕێتەوە کە باشترە لەبیریبکەینو بەردێکی لەسەر دابنێین، نەوەک بکرێتە مۆدێل بۆ درێژکردنەوەی کاری پەرلەمانی کوردوستاندا لەمڕۆداو بکرێتە بەهانە بۆ بەخشینی شەرعیەتو بۆ پەسەندکردنی دەستوور بە نموونە بیھێنینەوە. لەوەش کۆمیدیترو کارەساتتر بۆ پاساوھێنانەوەی شەرعییەتی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانو توانا یاساییەکەی، نموونەی پەرلەمانی سوودانە. پەرلەمانی سودان یەکێکە لەدەزگا سیاسییەکانی خراپترینو ناشرینترین سیستەمە دیکتاتۆرییەکانی وڵاتانی ئەفریقا بەگشتیو جیھانی عەرەب بەتایبەت. پەرلەمانی سودان لەزۆر ڕووەوە ئەو پەرلەمانە کارتۆنییەمان بیردەخاتەوە کە لە سەردەمی سەدام حوسەیندا بەعس لە عێراقدا دروستیکردبوو. وەکچۆن لەپاڵ ئەو پەرلەمانە کارتۆنییە عێراقییەدا جینۆسایدی کورد لە پەلامارە بەدناوەکانی ئەنفالدا پیادەکرا، ئاواش لەپاڵ ئەم پەرلەمانەی سوداندا جینۆساید دژ بە گەلی دارفور کرا. حکومەتو پەرلەمانی کوردستان دەبایە ھەموو نموونەیەکیان بھێنابایەتەوە، بەڵام نمونەی سوودانیان نەھێنایەتەوە، چونکە ھەمان ئەو ئەزموونەی گەلی کوردستان لەسەر دەستی حکومەتو پەرلەمانی عێراقدا پیایدا تێپەڕی، ئاوھاش دارفورییەکان لەسەر دەستی حکومەتو پەرلەمانی دەوڵەتی سووداندا پیایدا تێپەڕین. پەسەندکردنی دەستووری رەشنووری ھەرێم لەم قۆناغو دۆخە پڕئیشکالییەتە ناچارماندەکات جارێکی تر ناڕەزایی خۆمان بەرامبەر بە ھەڵسوکەوتی پەرلەمانو حکومەتی ھەرێم دەرببڕینەوە. مەبەست لەم کارەمان ڕێگەگرتنە لە ھەموو گەمەکردنێکی سیاسی بە مەسەلەیەکی ستراتیژی وەک دەستوور کە دەبێت دەربڕی ویستی دروستکردنی ژیانێکی سیاسیو کۆمەڵایەتی بێتو قابیلی ڕێزگرتنو باوەڕپێکردن بێت. ئەگەری پەسەندکردنی دەستووری ھەرێم لەم قۆناغەدا ستراتیژێکی ترسناکە کە جارێکی دیکە دابەشبوونە سیاسیو کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگای ئێمە قووڵتردەکاتەوەو دەشێت بیگەێنێتە دۆخێک کە دەرەنجامەکانی مەترسیدارو نەزانراوی هەبێت. ئێمە داوا لە ھەموو خەمخۆرانی ئازادیو داکۆکیکەرانی مافی مرۆڤو ھەموو ئەو ھێزە کۆمەڵایەتیو سیاسییو ڕێکخراوە ناحکومییانە دەکەین کە بەتەنگی مافو ئەرکەکانی خەڵکی کوردستانەوەن، رێگەبگرن لە ھەر پرۆژەو پلانێکی حیزبی بۆ پەسەندکردنی دەستووری رەشنووسی ھەرێم بەم فۆرمە نادیارو بەم رێگا لێڵەی کە حکومەتو پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی ھەردوو حیزبەکە نیازی جێبەجێکردنینان ھەیە. ھەروەھا ڕووی دەمیشمان لەھەموو ئەو ئەندامو ھەوادارو بەرپرسو پەرلەمانتارانەی پارتیو یەکێتییە کە ھەست بە نالەباریو مەترسی ئەم کارەی حیزبەکانیان دەکەن، دەنگیان بخەنە پاڵ دەنگە ڕەخنەییەکانی کۆمەڵگای ئێمەو نەھێڵن ئەم کارە نایاساییو پەلەپڕوزکێیە ئەنجامبدرێت. سەپاندنی دەستوور بەم شێوەیە بەسەر میللەتدا گاڵتەکردنە بە ئیرادەو خەونو کەرامەتی هەمووانو دزینی مافی گشتییە لەوەی کە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی لە دامەزراندنی بنەماکانی دەوڵەتی یاسادا بگێڕێت.
ناوەکان: ١- شێرکۆ بێکهس 2- رهووف بێگهرد 3- شێرزاد حهسهن 4- ئاراس فەتاح 5- بەختیار عەلی 6- مەریوان وریا قانیع 7- رێبین ههردی 8- هیوا قادر 9- کاروان عومهر کاکهسوور 10- رێبین رهسووڵ 11- جهبار جهمال غهریب 12-عهبدالقادر سهرچناری 13- شوان محهمهد 14- سمکۆ محهمهد 15- نهوزاد ئهحمهد 16- ئاسۆس ههردی 17- ئالان مومتاز نوری
18- ئارام كاكهی فهلاح
19- عبدال نوری _ رێكخراوی نوژین – دهوك 20-عومهر فارس 20-شوان ئهحمهد 21- كهمال رهووف 22- ههڵکهوت عهبدوڵا
|